مامۆستایەکی زانکۆ: شەرمەزارییە بۆ بەرپرسانی هەرێم پێشوازییان لە ئەردۆغان کرد

هەولێر

کاردانەوەکان لەدژی سەردانەکەی ئەردۆغان سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بۆ عێراق و هەرێم بەردەوامە و مامۆستایەکی زانکۆ ئاماژە بەوە دەکات ئاماجی سەردانەکەی ئەردۆغان سەرۆکی تورکیای داگیرکەر بۆ عیراق داگیرکردنی خاکی کوردستان و هێرش کردنە سەر پەکەکە بوو، دەشڵێت: شەرمەزارییە بۆ بەرپرسانى هەرێم و پەدەکە لە هەولێر بەمجۆرە پێشوازیان لە ئەردۆغان کرد.

ڕۆژی ٢٢ــی ئەم مانگە سەرۆکی دەوڵەتى داگیرکەری تورک سەردانى عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد و ئامانجی سەرەکی سەردانەکە پەلکێشکردنى حکومەتى عێراق و پەدەکە بوو بۆ شەڕی دژی گەریلاکانى ئازادیی کوردستان و داگیرکردنى زیاتری خاکی هەرێم، هەروەها ئامانجێکی دیکەى ئەوە بوو عێراق ناچار بکات پەکەکە وەک ڕێکخراوێکى تیرۆرستی بناسێنێت، بەڵام شکستى هێنا.

مەقدید حاجی مامۆستای زانکۆ سەبارەت بە هاتنی سەرۆکی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ئەردۆغان، بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

مەقدید حاجی وتی: سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان بەرامبەر بە گەلی کورد، سیاسەتێکی دووژمنکارانە و دژ بە گەلی کورد بووە لە هەرچوار پاچەی کوردستان، بۆیە درێژە بەم سیاسەتە دەدرێت بۆ لێدان لە گەلی کورد و پارتی کرێکاران.

” دەوڵەتی تورکیا نایەوێت چارەسەری دۆزی گەلی کورد بکات”

ئاماژەى بەوەش کرد، دەوڵەتی تورکیا و ئەردۆغان دەیانەوێت حکومەتی عیراق و هەرێمی کوردستان هاوکاریان بکات، بۆ هێرش کردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان، بۆ ئەوەی خەبات و تێکۆشانی، ئەم هێزە کوردیە لە پێناو بەدەستهێنانی ماف و سەربەخۆیی سنووردار بکرێت، لە کاتێکدا دەوڵەتی تورکیا نایەوێت چارەسەری دۆزی گەلی کورد بکات.

وتیشی : دەوڵەتی تورکیا نایەوێت دان بە مافەکانی گەلی کورددا بنێت و چارەسەری دۆزی ڕەوای گەلی کورد بکات، بۆیە لەبری رێگای ئاشتیی و گفتوگۆکردن، پەنای بردووە بۆ شەر و هێرش کردنە سەر پارتی کرێکارانی کوردستان، هەروەها ڕۆژانە گەلی کورد لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان بە ئامانج دەگرێن، دەوڵەتی داگیرکەری تورک درێژە بە سیاسەتی شەرکردن داوە.

شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و پەدەکە، لە هەولێری پایتەخت پێشوازییان لە سەرۆکی تورکیا کرد”

ئەو مامۆستای زانکۆ باسی لەوە کرد، کەسایەتییەکی وەک ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دژی گەلی کورد و بەرەپێشچوونی مافەکانی کوردە، جێگای شەرمەزارییە بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و پەدەکە، لە هەولێری پایتەخت پێشوازی لە سەرۆکی تورکیا دەکرێت، لەکاتێکدا دەبوو چارەسەرکردنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد و وەستانی تۆپبارانەکان پرسی سەرەکی دەسەڵات و حکومەت بوایە.

” دەبوو بەرپرسانى هەرێم مەرجی ڕاگرتنى هێرشەکانیان بکردایەتە مەرج بۆ پێشوازیکردن لە ئەردۆغان”

لەکۆتایدا مەقدید حاجی دەڵێت: دەسەڵات و سەرانی پەدەکە لەبارەی پشێوازیکردنی ئەردۆغان، بە شێوەیەکی دیبلۆماسی و بەهێزکردنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نیشانی دەدرێت لە میدیاکانیاندا، بەڵام پێویستبوو دەسەڵات و پەدەکە بۆردوومانکردنی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و بەئامانجگرتنی خەڵکی سڤێل لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە کرابایە مەرجی پێشوازیکردن و کۆبوونەوەکان لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا، بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ و بۆردوومانەکان بهێندرێت و چارەسەری دۆزی ڕەوایی گەلی کورد بکرێت.

هـ.ح

Comments are closed.